نوێنەرێکی مەسیحییەکان: پەکەکە بووەتە ھەڕەشە بۆ سەر ھەموو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان

مشاهدات

 


نوێنەرێکی مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان گوتی پەکەکە بووەتە ھەڕەشەیکی گەورە لەسەر ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی وپێکھاتەکانیش چونکە لە سنووری دھۆک وزاخۆ نزیکەی ١٥ گوندی مەسیحی بەھۆی پەکەکەوە چۆڵ کراون لەبەر ئەوەی پەکەکە بەردەوام تەعدای لێ دەکردن ووای دەکرد کە تورکیا گوندەکانیان تۆپباران بکات بۆیە ناچار بوون چۆڵی بکەن پێویستە لایەنەکان وحکوومەتی عێراق چیتر بێدەنگ نەبن لە ھەڕەشەکانی پەکەکە .

نوێنەری مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ودانیشتووی قەزای زاخۆ وەحیدە یاقۆ ھورمز بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی : "بەداخەوە پەکەکە بووەتە ھەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ھەموو پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان وپێویستە ھەموو لایەن وپێکھاتەکان ھەڵوێستیان ھەبێت چونکە لە دھۆک تەنھا یەک پێکھاتە نییە ئەوەتا مەسیحییش بووەتە ئامانجی پەکەکە لە سنووری دھۆک وزاخۆ لە ناوچەکانی کانی ماسی ودەرکار وشەرانشێ وچەند ناوچەیەکی دیکە چەندین گوندی مەسیحی بەھۆی بوونی پەکەکەوە چۆڵ کراون ."

وەحیدە یاقۆ ھورمز گوتیشی : "لەبەر ئەوەی پەکەکە زیاتر ھاتووە بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان گوندی زیاتریش چۆڵ کراون ولە کۆی ئەو٣٠٠ گوندەی مەسیحی نزیکەی ١٥ گوندی مەسیحی ھەیە کە چۆڵ کراون ودواین گوندیش لە ناوچەی شەرانشێ بوو کە ئەمساڵ چۆڵ کراوە ."

ھورمز باسی لەوەش کرد : "خەڵکی ئەو گوندە مەسیحینشینانەش ھەموویان ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بوونە چونکە پەکەکە جگە لەوەی ھاتبووە ناو گوندەکانیان بازگەی دادەنا وڕێگریی لێ دەکرن وتەعدای لێ دەکردن بۆیە ئەوانیش ناچار بوون چۆڵی بکەن ."

گوتیشی : ''پێویستە ھەموو لایەنەکان ھەڵوێستیان ھەبێت چونکە پەکەکە ھەڕەشەیە بۆ سەر خاکی ھەرێمی کوردستان بەگشتی بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراقیش بێتە دەنگ وچیتر ڕێگە نەدرێت پەکەکە بەو جۆرە تەعدا لە ھەرێمی کوردستان بکات چونکە پەکەکە بووەتە ھۆی ئەوەی تورکیاش سنوورەکانی ھەرێم تۆپباران بکات ."

تعليقات

أحدث أقدم