العراق : بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی: دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکەین

مشاهدات


بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو فەرمانبەرانەی مووچەکانیان لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشە خۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت .

 

رۆژی یەکشەممە 17-07-2022 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە بوولتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ی رووداو بە فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 ملیار و 850 ملیۆن دینار پارەی گەنمی 2022ی جووتیارانمان دابەشکردووە و هەفتەی پێش جەژنی قوربانیش چەکێکی دیکەی پارەی جووتیاران گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 68 ملیار و 600 ملیۆن دینارە . بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "لە ئەمڕۆوە سایلۆکان چەکەکانیان دەنێرنەوە بانک بۆئەوەی بەراورد بکرێن و دوای ئەو پرۆسەیە پارەکان دەگوازرێنەوە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان." سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی پارەکەش، نەوزاد شێخ کامیل گوتی، "دوای گەیشتنی پارەکە، ئێمە رەوانەی ئەو بانکانەی دەکەین کە جووتیاران پارەی لێ وەردەگرن. پێشبینی دەکەین لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەو رێکارانە تەواو بکرێن و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکەین." بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، لەو 68 ملیار و 600 ملیۆن دینارە، 32 ملیار و 600 ملیۆن دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، 22 ملیار دیناری بۆ هەولێر و 14 ملیار دیناریشی بۆ دهۆک تەرخان دەکرێت." لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانەوە، نەوزاد شێخ کامیل ئەوەی خستەڕوو، "هێشتا تەواو نەبووە و تاوەکو ئێستا 241 هەزار و 106 تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و تاوەکو گەنم هەبێت بەردەوام دەبین لە وەرگرتنی، بۆیە تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند پارە پێویستە بۆئەوەی کۆی پارەی گەنمی جووتیارانی پێبدرێت." گوتیشی، بەو چەکەی ئێستا گەیشتووەتە دەستیان، "تاوەکو ئەمڕۆ 41%ی پارەی گەنمی 2022ی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە گەیشتووە."

 

سەبارەت بە بڕیاری بڕینی بەشە خۆراکی ئەو خێزانانەی داهاتیان لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "جێبەجێکردنی بڕیارەکە ماوەیەکی زۆرە لە بەغدا دەستیپێکردووە و ئەو فەرمانبەرە کوردانەی مووچەکانیان لەسەر وەزارەتەکانی حکومەتی عێراقە، بەشە خۆراکی ئەوانیش دەبڕێت و ناوەکانیان دەنێرنە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەشە خۆراکی هەرێمی کوردستان ." نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو هاووڵاتییانە ناوەکانیان لەسەر پسوولەی خۆراک دەمێنێتەوە، بەڵام بەشە خۆراکی مانگانەیان پێنادرێت، ئێستا ژمارەیەک خێزان بەشە خۆراکی مانگانەیان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بڕدراوە ." 


المصدر : رووداو

تعليقات

أحدث أقدم